شاعیر: ئاوات
کتێب: شاری دڵ
سەرناو: هەویری ئەوین
لەبارەی شیعر: قاقڵاوا، ١٣٣٧ی هەتاوی - (لاپەڕە ٨٥ ی چاپی ئەنیسی و ١٢٤ ی چاپی جەعفەر)

ئەوینم خۆش دەوێ چونکی به هۆی تۆ هاته ئامێزم
وەکوو تاقانه کۆرپەی خۆشەویست باشی دەپارێزم

ئەوه ڕۆژ و شەوی تەنیایی هاواڵی دڵی زارم
به یادی تۆ، ئەوه مایەی ژیان [١] و تینم و هێزم

هەموو گۆشت و ڕەگ و پێستم ئەوین شێلای به مل یەک‌دا
هەویری خۆتم و بمشێله شل‌شل، گەرچی بێ‌پێزم [٢] 

خەیاڵی خاوه گەر من زولفی شێت‌وپێتی تۆ بێنم
بڵێم ڕامی دەکەم بۆ گەردنم، نایێته [٣] پارێزم

'ئیمامی' خۆ له ڕیزی دڵبەران باڵای به باڵات [٤] گرت
بەڵام بەرز و نەوی کەوتووین و هەرگیز نایه‌ته ڕێزم [٥] 

١. چاپی ئەنیسی: ژییان
٢. چاپی ئەنیسی: بێ هێزم
٣. چاپی ئەنیسی: نایێنە پارێزم (بە هەڵەی چاپ، نووسراوە: پازێزم)
٤. چاپی جەعفەر: بەباڵا گرت
٥. چاپی ئەنیسی: نایە پارێزم